هەینی خوێناوی هەلەبجە
هەینی خوێناوی هەلەبجە
دەربارەی گۆڤار و ڕۆژنامە:
ڕۆژنامە: جمهوری ئیسلامی ژمارە: 2558 ساڵی نۆیەم
ڕۆژ و بەروار: شەممە، 6 فەروەردین 1367 (26/ 3/ 1988)، لاپەڕە، 2
ئەمڕۆ، پرسەی گشتییە، بەمەبەستی دەربڕینی هاوخەمی بۆ برایان و خوشكانی موسوڵمانی كوردی عێراق كە بە هۆی تاوانی كیمیاویبارانی ڕژێمی بەكرێگیراوی عێراق، عەزیزانی خۆیانیان لە هەلەبجە لەدەستداوە.
ڕۆژی هەینی 26 ئەسفەندی 66، شاری هەڵەبجە ڕوبەڕوی دڕندانەترین تاوانی جەنگی ڕژێمی كافری بەعسی عێراق بویەوە. زیاتر لە پێنج هەزار موسوڵمانی هەڵەبجە بە ژن و منداڵانی بیتاوانیشەوە، بەهۆی كیمیاویبارانی شار لەلایەن جەلادانی فەرمانڕەوای بەغدادەوە شەهید كران. ئەم تاوانە گەورەیە، لە دونیادا بێ وێنەیە، بەڵام لەلایەكی دیكەوە كە (هەینی خوێناوی)یەكی دیكە لەلایەن جەلادێكی دیكەوە خولقێنراوە، چاوەڕوان كراوە.
لەهەینی 17 شەهریوەری 1357، شای لەنێوچووی ئێران، هەزاران كەسی لە شاری تاران بە تاوانی ئیسلامویستی شەهید كرد. لە هەینی 9 موردادی 1366 ڕژێمی سعود خوێنی سەدان كەسی لە میوانی ماڵی خودای تێكەڵ بە خاك كرد. ئەوەش سەدام بە پەیڕەوی لە شای ئێران و سعود، لە هەینی 26 ئەسفەند 1366 شاری هەڵەبجە كیمیاویباران دەكات و بە دڕندانەترین شێوە پێنج هەزار لە دانیشتوانی موسوڵمانی شار، تەنها بەهۆی ئیسلام ویستییان، شەهید دەكات.
هەرچەندە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەرامبەر ئەم تاوانە گەورەیەی سەدام لە كیمیاویبارانكردنی شاری هەلەبجە بێدەنگی هەڵبژاردووە و ڕاسپاردەكانی ئەمریكا دەخاتە پێش ئەو ئەركەی كە لەئەستۆیدایە، بەڵام ئەم تاوانە شتیك نییە كە بەبێدەنگییەكی ڕاسپێردراو، فەرامۆش بكرێت. شاری هەڵەبجە، ناوەندی قوتابخانەی ئایینی ئەهلی سونە و بەتایبەت زانایانی موسوڵمانی كوردە و یەكێكە لە ناوەندە فەرهەنگیەكانی كوردستانی عێراق. سەرنجی زانایانی موسوڵمان لەسەر ئەم شارە و ئەو گرنگییەی كە هەیەتی، یەكێك لەپاساوەكانی سەدام بوو بۆ كیمیاویبارانكردنی ئەم شارە. خەڵكی هەڵەبجە، بەهۆی هەستی بەرزی ئیسلامی كە بەهۆی نزیكی لە ناوەندی زانستیی ئایینی و ئەو شارەزاییەیان كە لە ئیسلام هەیانبوو، هەرگیز نەچوونەتە ژێرباری سەددام و بەردەوام دژایەتی داگیركەریان كردووە، ئەمەش لەلای ڕژێمی كافری بەعسی عێراق، تاوانێكی گەورەیە و هەربەوهۆیەشەوە، بەم شێوە بێڕەحمانە ڕەشەكوژ دەكرێن.
لەهەمان كاتیشدا، نابێت ئەوەمان لەبیر بچێت كە سونەتی ئیلاهی وایە، ستەمكاران كاتێك كە ستەمیان دەگاتە لوتكە، تیادەچن. سەددام بە كیمیاویبارانكردنی شاری هەڵەبجە، بەڕاستی كوردستانی عێراقی لەدەستداو و گۆڕی خۆی هەڵكەند. ئەو بەم تاوانە مەترسیدارە، ڕیگەی خۆی لە گۆڕستان نزیكتر كردەوە. ئەگەر كۆمەڵگەی هیچوپوچی نێودەوڵەتی خۆی لەوە تێنەگەیەنێت كە چ تاوانێك لە هەلەبجە ڕویداوە، ئەوا موسوڵمانانی دونیا و ئەو كوردانەی كەلەسەرانسەری دونیا بوونیان هەیە، بۆ هەمیشە پێوشوێنی ئەم تاوانە لەبیرنەكراوە دەگرن. ئەگەر كەسانێك هەبووبن كە گومانیان هەبوو لە پیویستبوونی بەردەوامیی جەنگ تا لەناوچوونی سەددام، ئەوا لە زیادكردنی ئەم تاوانەی (هەینی خوێناوی هەڵەبجە) لە دۆسیەی ڕەشی سەددامدا كە تاوانبارێكی جەنگییە، زەڕەیەك گومانیان نامێنێت. هیچكەس نییە ئەوە نەزانێت كە ڕێككەوتن لەگەڵ تاوانبارێكی جەنگدا، هیچ واتایەكی نییە.
ئامادەكردن و وەرگێڕانی: م. ی. اركان احمد حسن (جاف)