دونیا، تاوانە جەنگیەكانی عێراق لە كیمیاییبارانكردنی شاری هەلەبجە، ئیدانە دەكات
دونیا، تاوانە جەنگیەكانی عێراق لە كیمیاییبارانكردنی شاری هەلەبجە، ئیدانە دەكات
دەربارەی گۆڤار و ڕۆژنامە:
ڕۆژنامە: جمهوری ئیسلامی
ژمارە: 2558 ساڵی نۆیەم
ڕۆژ و بەروار: شەممە، 6 فەروەردین 1367 (26/ 3/ 1988)
لاپەڕە، 3
- كەناڵەكانی فەرەنسا لە بۆڵتنی هەواڵی ڕۆژانی سێشەممە و چوارشەممە لە یەكەمین دیمەنەكانی خۆیاندا، وێنەی هەزاران تەرمی كوردی عێراق كە بەهۆی هێرشی كیمیاوی عێراقەوە شەهید كرابوون، پەخش كرد. هەندێكیان ئەم تاوانەی عێراقیان لە تاوانەكانی هیتلەر مەرگەساتتر دەزانی، سەرباری پەخشی ئەم وێنانەش، بەرپرسانی فەرەنسا هیچ پەرچەكردارێكیان نیشان نەداوە
- ڕۆژنامەی دەیلی تەلگراف ، پڕ تیراژترین ڕۆژنامەی ئینگلیز، لە ژمارەی ڕۆژی چوارشەممە 3/ 1/ 67 لەلاپەرەی یەكەمیدا بەگەورەیی وێنەیەكی شەهیدانی هەڵەبجە بڵاودەكاتەوە و لێی نوسراوە: مەرگ، گیانی داێكێك و سێ منداڵی كێشا. ئەم ڕۆژنامەیە كە زیاتر لە ملیۆنێك خوێنەری هەیە، ڕۆژی سێشەممەش ڕاپۆرتێكی فراوانی سەبارەت بەكارەساتی هەڵەبجە، لە پەیامنێری خۆیانەوە لە تاران بڵاو كردەوە.
- ئینیدیپێندت، ڕۆژنامەیەكی دیكەی ئینگلستان، بەئاماژەدان بە بەكارهێنانی چەكی كیمیاوی لەلایەن عێراقەوە، باسی لەوەش كردووە كە: عێراق هۆكاری ئەوەی چەكی كیمیاوی لە شارە كوردنشینەكان بەكارهێناوە، ساڵانێكە كوردەكان دژی عێراق دەجەنگن و پێشوازییان لە هێزی ئێران كردووە.
- ڕۆژنامەی ایمز مالی یش، هێرشەكانی ڕژێمی عێراق بۆ ناوچە كوردنشینەكان، بە دڕندانە ناو دەبات، بێدەنگی كۆمەڵگەی نێو دەوڵەتیش لەبەرامبەر بەدەمەوە نەهاتنی هاواری خەڵك، بە خۆ كەڕكردن وەسف دەكات.
- پەخشكردنی چەند فلیمێكی قوربانییانی بۆمبارانی كیمیاوی ڕژێمی عێراق لە ناوچە ئازاد كراوەكانی هەڵەبجە و دوجەیلە لە كەناڵی یەك و دووی توركیا و هەندێك لە بڵاوكراوەكانی ئەو وڵاتە، ڕێژێمی سەدامیان بە بەرپرسیار دەزانی لە ئەنجامدانی تاوانی جەنگی و كوشتن و بریندار كردنی هەزاران هاووڵاتی بێچەك.
- بەپێی ڕاپۆرتی پەیامنێری ڕۆژنامەی جمهوری ئیسلامی لە ئەنقەرە، ڕۆژنامەی گونش، سەرباری بڵاو كردنەوەی وێنەی ناخهەژێنی كارەساتی هەڵەبجە و دوجەیلە، نوسی: فەرمانی كیمیاویباران كە تا ئێستە گیانی هەزاران دانیشتویی هەڵەبجەی كێشاوە و 5000 كەسی دیكەشی خستووەتە سەر لێواری مەرگ، لەلایەن خودی سەدام حسین ەوە دەركراوە.
- بڵاوكراوەكان و تەلەفزیۆنی یۆنان، ڕۆژی پێنجشەممە 5/ 1/ 67 چەندین ڕاپۆرت و فلیمی قوربانییانی بۆمبی كیمیاوی لە هەڵەبجە بڵاو كردەوە. بەپێی ڕاپۆرتی پەیامنێری ڕۆژنامەی جمهوری ئیسلامی لە ئەسینا، تەلەفزیۆنی یۆنان سەرباری بڵاوكردنەوەی فلیمێك لە بارەی كیمیاویبارانی هەڵەبجە، باسیشی لەوە كردووە كە: ئێران وێنەی نوێی شاری هەڵەبجەی بڵاو كردووەتەوە و ئەوە ڕونە كە ژمارەیەكی زۆری ژنان و منداڵانی دانیشتووی ناوچەكانی باكوری ڕۆژهەڵاتی عێراق كە پێشتر لە هێرشێكدا، كەوتووەتە دەست هێزەكانی ئێران، بەهۆی كیمیاویبارانی فڕۆكەكانی عێراقەوە كوژراو یان بریندار بوون.
- ڕۆژنامەی ئاساهی شیمبون چاپی تۆكیۆ لە سەروتارێكیدا، سەرباری لێكچواندنی هێزی كوشندەیی چەكی كیمیاوی و بۆمبی ئەتۆمی و ئاماژەدان بەو ڕاپۆرتانەی بەكارهێنانی گازی كیمیاوی لەلایەن عێراق و كوشتنی هەزاران كوردی عێراقی لە ناوچە ئازادكراوەكانی هەلەبجە، داوای لە تەواوی وڵاتان و بەتایبەت زلهێزەكان دەكات كە بەمەبەستی قەدەغەكردنی بەرهەم هێنان و بەكارهێنانی ئەم جۆرە چەكانە، بەزوترین كات هەنگاو هەڵهێنن.
- تەلەفزیۆنی بەلجیكا، بە نیشاندانی چەن وێنەیەكی ناخهەژێن لە كارەساتی كیمیاویبارانی هەڵەبجە، باسی لەوە كردووە كە شارێكی 70 هەزار كەسی بەهۆی گازی كیمیاوییەوە كوژراون یان بریندار وە یان ئاوارەی ئێران بوون.
- ڕۆژنامەی لسورس پر تیراژترین ڕۆژنامەی بەلجیكا، لە لاپەرەی یەكەمی خۆی لە ڕۆژی پێنجشەممە، بە تیترێكی گەورە لەبارەی كیمیاویبارانی هەڵەبجە و وێرانكردنی گوندەكانەوە دەنوسێت: عێراق، بەهۆی جینۆسایدكردن و ڕەشەكوژی بە چەكی كیمیاوی، لەسێدارە بدەین.
- بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵنێری فەرەنسا لە پاریس، وتەبێژێكی وەزارەتی دەرەوە وتی: بەوپەڕی نیگەرانییەوە، بەرپرسانی فەرەنسا زانیارییان بەدەستهێناوە كە بەپێی ئەو زانیاریانە، لەم دواییانەدا و لە جەنگی ئێران و عێراقدا، چەكی كیمیاوی بەكار هاتووە. هەروەها دەڵێت: بەرپرسانی فەرەنسا، جارێكی دیكەش ئەم كارە كە پێشێلكردنی ئاشكرای پرۆتۆكۆلی 1925 جنێف ە، بەڕەهایی ئیدانە دەكات.
- بەپێی ڕاپۆرتی یونایتید پرێس، خانم مارلین فیتز واتر وتەبێژی كۆشكی سپی، ڕۆژی چوارشەممە 3/ 1/ 67 لەوەڵامی پەیامنێراندا، بەیاننامەیەكی نوسراوی خوێندەوە كە تیایدا هاتووە: ئێمە هەمیشە بەكارهێنانی چەكی كیمیایی لەلایەن هەركەسێك و لە هەرشوێنێك بێت، ئیدانە دەكەین. هەروەها وتی: ئەو وینە و تەسویرانەی ڕوداوەكە كە لە تەلەفزیۆنەكانەوە پەخشكراون، ستەمكارانە و دڕندانە بوو، دەبێت ببێتە زەنگێك بە گوێی دونیادا بۆ پێویستبوونی قەدەغە كردنی چەكی كیمیاوی. هەروەها وتی: بۆچوونی ئێمە لەبارەی پیویستبوونی قەدەغەكردنی چەكی كیمیاوی لای تەواوی وڵاتان ڕوونە.
- لەسەروبەندی زانیاری لەلایەن ئێران و كوردەكانەوە لەبارەی كوژرانی 4000 كورد لە هێرشی كیمیاوی عێراق لە میانەی هێرشەكانی سەر شاری هەلەبجە، ئەنجومەنی مافی مرۆڤ ی عەرەب، ڕۆژی سێشەممە 2/ 1/ 67، لە بەیاننامەیەكدا، جینۆسایدی بێ پاساوی لە كوردستانی عێراق ئیدانە كرد. ئەم بەیاننامەیە داوای لە تەواوی دونیا كردووە كە ڕیگری بكەن لە دوبارە بوونەوەی ڕوداری هاوشێوە.
- پسپۆڕێكی بواری كیمیاوی لە بەریتانیا وتی: تا ئەوكاتەی كە فرۆشتنی گازی كیمیاوی بە عێراق یاساغ نەكرێت و دەوڵەتان و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی فشار نەخەنە سەر عێراق بۆ بەكارنەهێنانی چەكی كیمیاوی، ئەم هێرشانە بەردەوام دەبن. هەروەها درێژەی دایە كە: سەرباری ئیدانەكردنی ئەم هێرشانە لەلایەن هەندێك لە وڵاتانی ڕۆژئاوایی، عێراق بەردەوام بەبێ گوێپێدان، چەكی كیمیاوی بەكار دەهێنێت.
- بەپێی ڕاپۆرتی پەیامنێری ڕۆژنامەی جمهوری ئیسلامی لە پیشاوەر، بورهانەدین ڕەبانی ڕێبەری كۆمەڵەی ئیسلامی ئەفغانستان، ڕۆژی چوارشەممە 3/ 1/ 67 لە گفتوگۆی لەگەڵ پەیامنێری ڕۆژنامەكە لە پیشاوەر، تاوانی ئەم دواییەی سەدام لە كیمیاویبارانی خەڵكی ستەملێكراوی كوردستانی عێراق، بەتوندی ئیدانە كرد. بەپێی هەمان ڕاپۆرت، قازی محمد ئەمین وفاد ڕێبەری حیزبی ئیسلامی ئەفغانستان باڵی قازی محمد یش، لەگفتوگۆیەكی تەلەفونی لەگەڵ پەیامنێری جمهوری ئیسلامی لە پیشاوەر وتی: تاوانی سەدام ئەوەندە كارەساتبارە، هیچكەسێك ناتوانێت لەبەرامبەریدا كەمتەرخەم بێت.
- سەرپەرشتیاری مانگی سوری توركی، ڕۆژی چوار شەممە 3/ 1/ 67 بە ئاماژەدان بەوەی كە بەكارهێنانی چەكی كیمیاوی پێچەوانەی پڕۆتۆكۆڵی جنێف و تەواوی بنەما نێودەوڵەتیەكانە، وتی: هێرش بۆ سەرشارەكان و بەكارهێنانی چەكی كیمیاوی، دڵی هەر مرۆڤێك كە ئەگەر زەڕەیەك ئینسافی تێدا بێت، ئازار پێدەگەیەنێت.
- لەمیانەی كیمیاویبارانی شاری هەڵەبجە ی عێراق لە لایەن ڕژێمی ئەو وڵاتەوە، ڕێكخراوی خاچی سوری جیهانی، ڕۆژی چوارشەممە 3/ 1/ 67 بەبێ ناوهێنانی ڕژێمی بەغداد، جارێكی دیكە بەتوندی بەكارهێنانی چەكی كیمیاوی ئیدانە كرد و ڕونی كردەوە: هێرشە كیمیاوییەكان نیشانەی توندبوونی جەنگی ئێران و عێراقە بەشێوەیەكی مەترسیدار.
- جێگری نێودەوڵەتی وەزیری دەرەوەی چیكوسلۆفكیا لە دیدارێكیدا لەگەڵ باڵوێزی ئێران لەو وڵاتە، ئیدانەی بەكارهێنانی چەكی كیمیاوی لە جەنگی ئێران و عێراقدا كرد و ئەوەش باسكرد كە: ئەو زلهێزانەی كە دژی كۆماری ئیسلامی ئێران وەستاون، هەوڵدەدەن بە فشار هێنان، ئامانجەكانی خۆیان لەبەرامبەر ڕاگرتنی جەنگ بەدەست بهێنن. بەڵام ئێمە بڕوامان وایە كە پەیوەندی بەهێزی دۆستانە، بە دژایەتیكردن بەردەوام نابێت.
- حیزبی سۆسیالیستی فەرەنسا، ڕۆژی پێنجشەممە 4/ 1/ 67 بەبڵاوكردنەوەی بەیاننامەیەك، بەكارهێنانی چەكی كیمیاوی كە لەلایەنی نێودەوڵەتییەوە قەدەغە كراوە، بەتوندی ئیدانە كرد.
- سكرتێری خاچی سوری یوگسلافیا، لە دیدارێكیدا لەگەل باڵوێزی ئێران لەو وڵاتە، بەكارهێنانی چەكی كیمیاوی بە تاوان دژی مرۆڤایەتی ناوزەد كرد.
ئامادەكردن و وەرگێڕانی: م. ی. اركان احمد حسن (جاف)