بەمەبەستی بەرز ڕاگرتنی شەهیدانی هەڵەبجە و فەلەستین، پرسەی گشتی لە ئێران ڕادەگەیەنرێت
بەمەبەستی بەرز ڕاگرتنی شەهیدانی هەڵەبجە و فەلەستین، پرسەی گشتی لە ئێران ڕادەگەیەنرێت
دەربارەی گۆڤار و ڕۆژنامە:
ڕۆژنامە: جمهوری ئیسلامی
ژمارە: 2558 ساڵی نۆیەم
ڕۆژ و بەروار: شەممە، 6 فەروەردین 1367 (26/ 3/ 1988)
لاپەڕە، 4
شاری قوم: هەواڵنێری جمهوری ئیسلامی. دوێنێ (ئایەتوڵا مونتەزری) بە بڵاوكردنەوەی بەیاننامەیەك بە بۆنەی شەهیدانی ستەملێكراوی هەڵەبجە و فەلەستین، ئەمرۆ (شەممە)ی بە پرسەی گشتی ڕاگەیاند. لە دەقی بەیاننامەكەدا هاتووە كە:
بسم اللە الرحمن الرحیم
اناللە و انا الیە راجعون
ئەم ڕۆژانە موسوڵمانانی دونیا بینەری خراپترین تاوانی مێژوون بە دەستی حیزبی بەعس و سەدامی تاوانباری داردەستی داگیركەری نێودەولەتی.
ئەگەرچی بانگەشەكارانی مافی مرۆڤ و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و وڵاتانی بە ڕواڵەت ئیسلامی، بێدەنگییەكی وتادار و پێلانگێڕیان هەڵبژاردووە لە بەرامبەر ئەم تاوانە، واتە جینۆسایدی هەزاران ژن و منداڵ و پیاوانی بێچەكی شاری ئازادكراوی هەلەبجە بە چەكی كیمیاوی و كوشتاری ئازیزانمان لە تاران و شارەكانی دیكەی ئێران بە هۆی موشەكبارانەوە، لەبەرامبەریشدا هەوڵدەدەن كە ڕوداوەكە بەشێوەیەكی بچوك وێنا بكەن و تەنانەت گومانگەلێكیش لەسەر ڕوداوەكە دروست بكەن. بەڵام وانازانم كە ئەگەر كۆمەلگەیەك ویژدانی مرۆڤانەی خۆیی لەدەست نەدابێت بتوانێت تاوانیكی لەمشێوەیە نادیدە بگرێت و پاساوی بۆ بهێنێتەوە.
ئەو هەواڵانەی كە لەشاری هەڵەبجە و گوندەكانی دەوروبەریەوە لەبارەی كارەساتەكەو كوشتاری كوردانی موسوڵمانی بێچەكی شارەكەوە دەگەن، ویژدانی مرۆڤ تەكان دەدات………
من نازانم كە ئەو زلهێز و ڕێكخراوە نێودەلەتیانە كە ئەو هەمو باس لە فەرهەنگ، پێشكەوتن، مافی مرۆڤ و تەنانەت مافی ئاژەڵانیش دەكەن، چۆن ویژدانی خۆیان ڕازی دەكەن كە تاوانبارێك بە پشتیوانی سیاسی و سەربازی ئەوان بەو شێوەیە ڕەفتار لەگەڵ گەلەكەی خۆیدا بكات. چ وەڵامێك بە گەلەكانی خۆیان و مێژوو دەدەنەوە؟ ئەوانە چ پاساوێكیان بۆ كوشتار و جینۆسایدی هەزاران كورد بە گازی سیانور و خەردەل و شتی دیكە هەیە.
لەبەیاننامەكەدا ئەوەش هاتووە كە: ئەگەر نەتەوە یەكگرتووەكان و ڕیكخراوە نێودەولەتیەكانی دیكە ئەركی مرۆڤانەی خۆیانیان ئەنجام بدایە و لەبەرامبەر تاوانەكانی سەدام و ئیسرائیل بێباك نەبوونایە، ئێستە كەلتوری دەستدرێژی كردن شوێنی كەلتوری دادپەروەری نەدەگرتەوە. دونیا ئەوە بزانێت كە هەتا ئەم ریكخراوانە لەژێر هەیمەنەی زلهێزەكاندا بن، بانگەشەكانی دادپەروەری و مافی مرۆڤ جگە لە بانگەشەیەكی بێ ناوەڕۆك، هیچی دیكە نین.
بەندە بەهۆی ئەم كارەساتە گەورەیەوە، سەرەخۆشی لە براو خوشكانی موسوڵمانی كورد و تەواوی خێزانە داخدیدەكان و زانایانی ئاینی كوردستان و لاوانی ئازادیخواز دەكەم و بەبۆنەی جینۆساید و شەهیدبوونی هەزاران ژن، منداڵ و پیاوی بێدیفاعی كورد و هەروەها ژنان و پیاوانی بێدیفاعی فەلەستین كە بەهۆی هێرشی ئیسرائیلەوە شەهید بوون، ڕۆژی شەممە 6/ 1/ 1367 پرسەی گشتی بۆ موسوڵمانان ڕادەگەیەنم و بۆ ڕێزگرتن لە ڕۆحی پاكی شەهیدانی ستەملێكراوی موسوڵمانی كوردی هەڵەبجە و گەلی فەلەستین، داوا لە خویندكاران و زانایانی مەدرەسەی قوم دەكەم لەو ڕۆژەدا وانە وتنەوە ڕابگرن و هەموان پێكەوە و بەشداری پرسەی شەهیدان بكەن كە لە مزگەوتی گەورەی شار دادەنرێت. داواش لە ڕاگەیاندنەكان دەكەم بەرنامەكانی خۆیان لەگەل پرسەی گشتیدا ڕێكبخەن و زیاتر لە جاران لایەنە جیاوازەكانی تاوانی سەدام لە جینۆساید كردنی شارە ئازادكراوەكاندا ڕوون بكەنەوە.
لەكۆتایشدا، داوای سەركەوتنی ئیسلام و موسوڵمانان دەكات و پلەی بەرزی شەهادەتیش بۆ شەهیدان دەخوازێت. داوای ئارامی و سەبریش لە جەنگاوەران و برینداران و بەجێماوانی تاوانەكە دەكات.
حسەینعەلی مونتەزری
ئامادەكردن و وەرگێڕانی: م. ی. اركان احمد حسن (جاف)